هەرێم نیوز
لیستی ئەو خانەنشینانەی ئیکرامییەی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە بۆ بەغدا نێردراوە، خانەنشینان چاوەڕێی خەرجکردنی دەکەن و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینیش ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: "دەبێت بەغدا پارەکە بنێرێت."
خانەنشینانی نوێی کوردستان 18 مووچە وەردەگرن جگە لەمووچەی مانگانەیان، شەش مووچە بە مەرجی 15 ساڵ خزمەت و 180 ڕۆژ مۆڵەتی کۆکراوە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، 12 مووچەکە مەرجی 25 ساڵ خزمەتە و لەسەر وەزارەتی دارایی عێراقە.
سەبارەت بەم پرسە، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەشینی هەرێمی کوردستان، بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، "ئیکرامییە تاوەکو ئێستا بۆ هیچ خانەنشینێک خەرجنەکراوە، پێشووتر لە سلێمانی بۆ بەشێکی خەرجکراوە، بەڵام دواتر ڕاگیرا و دیار نییە کەی خەرج دەکرێت و پێویستە پارەکە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرج بکرێت."
لە سلێمانی ژمارەی خانەنشینانی نوێ نزیکەی 10 هەزار خانەنشینە، نیوەیان زیاتر شەش مووچەکەیان وەرگرتووە. لە هەولێر و دهۆک تاوەکو ئێستا دەست بە دابەشکردنی ئەم ئیکرامیەیە نەکراوە و ژمارەیان زیاتر لە 12 هەزار خانەنشینە.