هەرێم نیوز
پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی دەربەندیخانەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد لەدژی كەسێك كە بەووتەی سكاڵاكار دوای كەوتووەو ویستویەتی بیڕفێنێت، مەفرەزەکانی بنكە پۆلیسی دەربەندیخان لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لێكۆلینەوەكان لەگەڵ تۆمەتبار بەردەوام بوو، سەرەنجام سەرەڕای بابەتی سکاڵای سکاڵاکار، وەپاش گەیشتنی زانیاری، پشکنینی پزیشکی بۆ تۆمەتبار ئەنجامدرا، دەركەوت كە بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووەو پێشتریش لەسەر ئەم تاوانە سزا دراوە.
لە راگەیاندراوەکەشدا هاتوە، لەئێستادا تۆمەتبار ( أ، ح، ح ) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەكانی (432 ، 267 ، ماددەی 30 لەیاسای ماددە هۆشبەرەكان) دەستگیركراوەو لەلایەن بنكەی پۆلیسی دەربەندیخانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە .