هەرێم نیوز
ترەمپ لەڕێی گۆڕینی دەستەواژەی فیلمێكەوە پەیامی دیپۆرتكردن و بڵاوكردنەوەی هێز بۆ شیكاگۆ دەنێرێت "بۆنی دیپۆرتکردنەوەی بەیانیانم خۆشدەوێت، شیکاگۆ خەریکە دەزانێت بۆچی ناونراوە وەزارەتی جەنگ"
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە سەكۆی "تروس سۆشیال" نوسیویەتی: بۆنی دیپۆرتکردنەوەی بەیانیانم خۆشدەوێت، شیکاگۆ خەریکە دەزانێت بۆچی ناونراوە وەزارەتی جەنگ.
ترەمپ نوسینكەی هاوپێچی وێنەیەكی گاڵتە ئامێزكردووە، وەك جەختكردنەوە لەسەر بەڵێنەكەی بە ناردنی پاسەوانی نیشتمانی و كارمەندانی كۆچ بۆ شیكاگۆ، بەڵام هیچ وردەكارییەكی نەخستووەتەڕوو جگە لە ناوی "چیپۆکالیپس ئێستا"، كە ناونیشانی فیلمێكە باس لە روداوەكانی جەنگی ڤێتنام دەكات، کە تێیدا یەكێك کارەکتەرەكانی دەڵێت: "بۆنی ناپاڵمم خۆشدەوێت لە بەیانیاندا" .
ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنیدا بە خێرایی کێشەی تاوان لە شیکاگۆ چارەسەر بکات، کە بە مەترسیدارترین شاری جیهان وەسفی کرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ شارەکە.
ترەمپ ڕۆژی هەینی واژۆی لەسەر فەرمانی گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی بۆ وەزارەتی جەنگ کرد، لە لێدوانێکیشی بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: ناوە نوێیەکە بۆ دۆخی ئێستای جیهان گونجاوترە، ئاماژەی بەوەش کرد، پەیامێکی سەرکەوتن دەنێرێت بۆ جیهان.
ترەمپ ناتوانێت بە فەرمی ناوی وەزارەتەکە بگۆڕێت بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرێس، بەڵام فەرمانی جێبەجێکردن ڕێگە دەدات ناوە نوێیەکە وەک ناوی دووەم بۆ وەزارەتی بەرگری بەکاربهێنرێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا زیاتر لە سێ ملیۆن کارمەندی مەدەنی و سەربازیی هەیە.