هەرێم نیوز
دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ هێرشێک لە دەروازەی گەڕەکی رامۆت لە قودس ڕویدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکان ویستی حکومەتەکەی لاواز ناکەن، بەڵکو توانایان بۆ تەواوکردنی ئەرکەکان لە غەززە، کەناری ڕۆژئاوا و ئێران بەهێز دەکەن، ئەوەش دوای کوژرانی حەوت کەس لە ڕوداوێكی تەقەکردندا لە نزیک قودس.
بنیامین ناتەنیاهۆ، ئەمڕۆ دوشەممە لەکاتی سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، "ئێمە بەدوای ئەو گوندانەدا دەگەڕێین کە تیرۆریستان لێیەوە هاتون. ئەم تاوانانە ویستی ئێمە لاواز ناکەن، بەڵکو توانای ئێمە بۆ تەواوکردنی ئەرکەکان لە غەززە، کەناری ڕۆژاوا، و ئێران کە پشتگیری هەمویان دەکات، بەهێز دەکەن".
ئاماژەی بەوەشكرد، "لە جەنگێکی سەختداین دژی تیرۆر لە چەندین بەرەدا. دەمەوێت سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خێزانەکانی کوژراوان و برینداران بکەم. لە ئێستادا گەڕان و گەمارۆدانی ئەو گوندانە بەردەوامە کە تیرۆریستان لێیەوە هاتون".
نوسینگەی ناتەنیاهۆ پێشتر ڕایگەیاندبو کە سەرۆک وەزیران لە دوای هێرشی قودسەوە لەگەڵ سەرۆکەکانی دەزگا ئەمنییەکاندا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات.
ئەوە لەكاتێكدایە بەیانی ئەمڕۆ هێرشێک لە دەروازەی گەڕەکی رامۆت لە قودس ڕویدا، کاتێک دو چەکدار تەقەیان لە وێستگەیەکی پاس کرد، کە بوە هۆی کوژرانی حەوت کەس و برینداربونی 14 کەسی دیكە، لەوانە حەوتیان برینەکانیان سەختە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان "بەدوای گومانلێکراواندا دەگەڕێن" لە ناوچەی هێرشەکەدا، هەروەها گوندە فەلەستینییەکانیان لە ناوچەی ڕامەڵڵا لە کەناری ڕۆژئاوای گەمارۆ داوە.