هەرێم نیوز
میدیاكانی ئیسرائیل دەڵێن: هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بە ئاسمانی ئوردن، سوریا، عێراق و سعودیەدا فڕیوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی "رۆژی لێپرسینەوە" دژی سەرکردەکانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر.
کەناڵی (14)ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە: (10) فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە هەڵمەتەکانی سەر قەتەر کردووە و (10) موشەکیان ئاڕاستەی بارەگای کۆبونەوەی شاندی حەماس لە دۆحە کردوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە: فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل مەودای هەزارو (٨٠٠) کیلۆمەتریان بڕیوە بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان.
هاوكات رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت" بڵاویكردووەتەوە: ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "رۆژی لێپرسنەوەی" دژی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەنجامداوە.
لای خۆیەوە پنتاگۆن ڕایگەیاند کە ئەوان بەشداربوون لەم هێرشەدا.
دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشە ئاسمانییەکە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە ڕایگەیاند کە هیچ شوێنێک بۆ سەرکردە "تیرۆریستییەکان" سەلامەت نابێت.
نەتانیاهۆ لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: ئەو ڕۆژانەی کە سەرکردەکانی تیرۆر دەیانتوانی چێژ لە هەر جۆرە پارێزبەندییەک وەربگرن، کۆتایی هات، من ڕێگە بەو جۆرە پارێزبەندییە بۆ ئەوان نادەم.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە دەتوانێت ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە.
لەبارەی قوربانییانی هێرشەکە چەندین هەواڵی دژ بەیەک تا ئێستا لەلایەن میدیاکانی ئیسرائیل و میدیا عەرەبییەکان بڵاوکراونەتەوە.
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە بە میدیاکانی قەتەری ڕاگەیاند: "سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە تیرۆرێکی ترسنۆکانە ڕزگاریان بوو". دەشڵێت :"ژمارەیەک کەس کوژران، لەوانە هومام ئەلحەییە کوڕی خەلیل ئەلحەییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس و جیهاد لبد بەڕێوەبەری نووسینگەکەی".
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، میدیاکانی قەتەر بڵاویان کردەوە کە لانیکەم 5 کەس لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە کوژراون.
ئەمانە لە کاتێکدایە میدیاکانی باسیان لە کوژرانی 7 کەس کردووە لەم هێرشەدا.