هەرێم نیوز
سەرەڕاى کۆبوونەوەى لوتکەى وڵاتانى عەرەبی و ئیسلامی لە قەتەر و بەکارهێنانی زمانى زبرو هەندێکجار یاسایی و دبلۆماسیش، بەڵام سوپاى ئیسرائیل بە شێوەیەکی کرداریی وەڵامی هەمووانى دایەوە و بڕیاریدا بە دەستپێکردنى هێرشی زەمینیی لەبەر ئەوەى نەتانیاهۆ بوون و مانەوە و مێژووی خۆی پەیوەستکردووە بە بوون و مانەوە و بەردەوامی حەماس و لەناویاندا ئازادکردنى بارمتەکانى ئیسرائیل، کە تا ئێستاش نازانن لەکوێن و چارەنووسیان بەکوێ گەشتووە.
بۆ ئەوە مەبەستەش لەدوێنێوە سوپاى ئیسرائیل کەوتووەتە جووڵەیەکی نائاسایی و بڕیاریانداوە دەست بەسەر شارەکەدا بگرن، ئاگادارییەکیشیان بڵاوکردووەتەوە کە دانیشتوانى غەزە لە هەرکوێیەک هەن بەرەو باشوورى غەزە بڕۆن و وەک دەگوترێت "خوێنى خۆیان لەسەر خۆیان" و بەگوێرەى راپۆرتەکان هێرشى ئەمجارە زیانەکانى بەجۆرێک دەبێت کە دوو ساڵی پێشوو هیچ نەبووبێت لە چاویدا.
قۆناغ بە قۆناغ:
بەگوێرەى راپۆرتێکى ئاژانسی (CNN) دوو بەرپرسى باڵای سوپا پشتڕاستى ئامادەکارییەکانى سوپایان کردووەتەوە و گوتویانە کۆنترۆڵکردنى شارەکە بەگوێرەى پلانێکى پلەبەندى و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت، بەرەبەیانى رۆژى سێشەمەش میدیاکانى فەرەنسا بڵاویانکردەوە بەرەبەیانى ئەمرۆ هێرشى قورسکراوەتە سەر غەزە و مارکۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوەى ئەمریکاش سەردانى ئیسرائیلى کردووە بەمەبەستى دووپاتکردنەوەى پشتیوانییەکانى بۆ ئیسرائیل.
ئومێدى چوڵکردنى غەزە:
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى «جيروزاليم بوست»ـى ئیسرائیلیش لە ئێستادا کەمترین بیناى بەرز لە غەزە بەپێوە ماون و ئیتر کاتى ئەوەش هاتووە هێرشى زەمینیی دەستپێبکات، هەر ئەو رۆژنامەیە ئاماژەى بەوەشکردووە لە هەفتەى رابوردووەوە تا ئێستا زیاتر لە 300 هەزارکەس شارى غەزەیان جێهێشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت دوو بەرامبەرى ئەو ژمارەیەش مابنەوە لەشارەکەدا و ئەوەش پرۆسەکە قورسترو خوێناویی تر دەکات، سوپاى ئیسرائیلیش ئومێدى وایە بەم جموجووڵە سەرەتاییانە بەشێکى تر لە دانیشتوانەکەى شارەکە بەجێبهێڵن، یەسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش لە دواى هێرشەکەى سێ شەممە گوتى غەزە دەستوێت! سەربازە ئیسرائیلییەکان ناهێڵن ئەو ئاگرە بکوژێتەوە تا بارمتەکراوەکان نەگەڕێننەوە باوەشى خێزانەکانیان.
کۆدەنگی لەسەرنییە:
ئەم هەنگاوە راگەیەنراوە کۆنەى ئیسرائیل و جووڵە پێکراوە نوێیەى ئیسرائیل لەناوخۆی بەرپرسانى وڵاتەکەدا ناکۆکیی هێناوەتە ئاراوە و یەکێکى وەک ئیاڵ زامیر سەرۆک ئەرکانى سوپاى لەگەڵ نییە ، سەرەڕاى بەرپرسە ئەمنییە باڵاکانى ئەو وڵاتە، هەر بۆیە کاتێک نەتانیاهۆ وەها بەرنامەیەکى ئاشکرا کرد، ئەو دەستى لەکار کێشایەوە، بە پێچەوانەى بۆچوونەکانى نەتانیاهۆ وە ئەوان پێیان وایە نەک ناتوانن بارمتەکراوەکانیان دەستبکەوێتەوە بەڵکو زیانێکى قورستر لە سوپاى وڵاتەکەیان دەدەن.
ترەمپ هانى ئیسرائیل دەدات:
دۆناڵد ترەمپیش لە تروس سۆشیاڵەکەی خۆی رایگەیاندووە بارمتەکراوەکانى ئیسرائیل لە مەترسیدان و حەماس بۆ رێگریی لە هێرشى زەمینیی بەکاریاندەهێنێت، ئەو کارەشى بە گەورەترین کارەساتى مرۆیی ناوهێناوە، ئەوە لە کاتێکدا ئەو هەموو ژمارە زۆرە سڤیلەى غەزەى لەبەرچاودایە.
کۆتاشەوى بارمتەکان:
"ئەنجوومەنی خێزانى بارمتە و ونبووەکانى ئیسرائیل" یش لە بەیاننامەیەکدا رەخنەى توندیان ئاڕاستەى جموجووڵى سوپاى ئیسرائیل کرد بەمەبەستى هێرشى زەمینیی و رایانگەیاند زیاتر لە 710 رۆژە ئەوان دوورن لە رۆڵەکانیان و هیچ هەواڵێکیان نییە، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەریان لەوانەیە ئەو شەوە کۆتا شەوى ژیانیان بێت و نەشتوانن لاشەکانیان دەست بکەوێتەوە تا بەشێوەیەکى سەربەرزانە و بە شکۆوە بەخاکیان بسپێرن و بەرپرسیارێتى ئەو دۆخەشیان خستە ئەستۆی بینامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران.