دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا دۆخى ئاسایشى ئەوروپیەکان تێکدەدات

هەرێم نیوز 

لەئەنجامی گۆڕانکارییەکانى کەش و هەوا بەهۆی کاریگەرییە سروشتى و مرۆییەکانەوە بەشێک لەهاووڵاتییانى ئەوروپى هەموو هاوینانێک گیان لەدەستدەدەن و زۆرینەیان بەگیروگازدێن و ناچارن یان لە نێو ماڵەکانیان بمێننەوە یان گەشت بکەن بۆ وڵاتانى دیکە، بەگوێرەى توێژینەوەیەکى تایبەت تا کۆتایی هاوینی ئەمساڵ (2025) نزیکەى پازدە هەزار ئەوروپى گیان لەدەستدەدەن و زیاتر لەو ژمارەیەش رووبەڕووى کێشەى تەندروستى دەبنەوە، توێژینەوەکە ئاماژەى بەوە کردووە زۆرینەى رەهاى ئەو کەسانە نیشتەجێی شارە گەورەکانن.

توێژەرانى هەردوو زانکۆی (ئیمبریال کۆلدیج و لەندەن سکوڵ ئۆف هایجن) بەریتانى راپۆرتێکى هاوبەشیان بڵاوکردوەتەوە، پشتیان بە راپرسییەک بەستووە کە لە 854 شاری وڵاتانى ئەوروپى ئەنجامیانداوە و بۆیان دەرکەوتووە 68% ی زیانلێکەوتووەکان نیشتەجێی شارە گەورەکانن و تەنها لە هاوینى ئەمساڵدا 24 هەزار و 400 کەس کێشەیان بۆ دروستبووە و لەو ژمارەیەش 15 هەزار کەسیان بەهۆی یەکێک یان زیاتر لە کاریگەرییەکانى کەشوهەوا گیانیان لەدەستداوە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە کاریگەرییەکانى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا کراوە لەسەر هاووڵاتییانى ئەوروپى و جەختیان کردووەتەوە لە مێژووى ئەوروپادا هیچ کاتێک پلەى بەرزی گەرما بەو شێوەیەى ئێستا تۆمار نەکراوە، بەتایبەتى لە وڵاتانى ئیسپانیا، پورتوگال و بەریتانیا.
ئاماژەیان بەوەشکردووە گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواو بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما کۆمەڵێک کێشەى تەندروستى لەگەڵ خۆیدا هێناوە لەوانەش کێشەکانی دڵ، سییەکان، دەرمارەکانى خوێن، وشکبوونەوە، تێکچوونى خەو، هەموو ئەوانەش هۆکارە سەرەکییە زۆرەکانى مردنن لە دواى ئەو گۆڕانکارییانەى کە ڕووى لەو کیشوەرە کردووە.

لە توێژینەوەکەدا هاتووە پێویستە لایەنى پەیوەندیدار بە جدیی و خێرایی بەدەم ئەم گۆڕانکارییانەوە بچن بۆ ئەوەى رێگریی بکرێت لە لەهۆکارە نوێیەکانى مردن و توشبوون بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان و دەبێت میدیاکان بە گرنگی و بایەخی تەواوەوە لەم کێشەیە بڕوانن تا هەمووان لەو بارودۆخە بە ئاگابێنەوە و خۆیان لە نەخۆشى و مردن بپارێزن.

بەگوێرەى راپۆرتەکە بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما ساڵ بە ساڵ بەرەو ژوور دەڕوات و لەچاو ساڵی پاردا 2.2 پلەی سلیزیی بەرزبووەتەوە، کەوتنەوەى ئاگر و سوتانى دارستانەکان و کەمبوونەوەى باران بوونەتە هۆی خێرا کردنى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا.
لە توێژینەوەکەدا ئاما ژەکراوە بە بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما لە شارە قەرەباڵغ و پیشەسازییەکاندا و هەریەکەیان بە شێوەی جیاواز رێژەیان تۆمارکردووە، لە رۆماى پایتەختى ئیتاڵیا 800 کەس و ئەسیناى پایتەختى یۆنان 600 و لە پاریس 400 کەس تەنها لەم هاوینەدا گیانیان لەدەستداوە و 85%ـى ئەوانەش تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵییەوە بووە.

میدیا ئەوروپییەکان لەبارەى راپۆرتەکەوە رایانگەیاندووە بڵاوکردنەوەى ژمارەکان فەرمین و پێدەچێت لەو ژمارەیە زیاتر بێت و بەهەر هۆکارێک بێت نەبەستراوەتەوە بە گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواوە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە سەرەڕاى ئەوەى لە کۆتاییەکانى وەرزی هاوینداین لە نیوەگۆی باکووری گۆی زەوی و کیشوەری ئەوروپاش هەمووى دەکەوێتە ئەو بەشەوە، بەڵام وا چاوەڕیدەکرێت پلەکانى گەرما لە وڵاتانى ئەوروپا ماوەیەکی تریش درێژە بکێشێت بۆیە وا چاوەڕێدەکرێت ژمارەى قوربانییەکانى کەشوهەوا بەرزتریش ببێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP