دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

بەریتانیا دوای سەردانەکەی ترەمپ دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێت

هەرێم نیوز

بەریتانیا دوای سەردانەکەی فەرمی دۆناڵد ترەمپ، فەلەستین وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەناسێت. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی بەریتانیا، بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی حکومەت، وڵاتەکەی بەنیازە هەفتەی داهاتوو بە فەرمی دان بە فەلەستیندا بنێت، ئەوەش دوای سەردانەکەی ترەمپ بۆ بەریتانیا.

لە مانگی تەمموزدا، کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، بەریتانیا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە مانگی ئەیلولدا دان بە فەڵەستین دەنێت، مەگەر ئیسرائیل هەنگاوی بەرچاو بۆ باشترکردنی دۆخی مرۆیی غەززە بنێت و بگاتە ڕێککەوتنی ئاگربەست.

بەپێی زانیارییەکان دواکەوتنی ڕاگەیاندنی بەفەرمی بڕیارەکە تا دوای ڕۆیشتنی ترەمپ لە بەریتانیا بەمەبەستی ئەوە بووە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ واشنتۆن زیاتر نەبن، چونکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پاڵپشتی هێرشی زەمینی ئیسرائیلیان لە غەززە کردبوو.

وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت: ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پاراستنی توانای چارەسەری دوو دەوڵەتی و پشتیوانییە لە مافی نکۆڵیلێنەکراوی فەلەستینییەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان.

پێشتر ئێرلەندا، نەرویج و ئیسپانیا پەیوەندییان بەو ١٤٧ وڵاتەوە کردبوو کە دانیان بە فەلەستیندا ناوە. هەروەها فەرەنسا ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە فەلەستین دەنێت و بووە یەکەم ئەندامی گروپی حەوت کە ئەو کارە بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP