دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەد شەرع: لەگەڵ ئیسرائیل لە گفتوگۆداین رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجامی هەبێت

هەرێم نیوز

ئەحمەد شەرع رایگەیاند، لەگەڵ ئیسرائیل لە گفتوگۆدان و رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجامی هەبێت، دەشڵێت، هیوادارن زامنی راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و کشانەوەی هێزەکانی بکات لە باشوری سوریا.

ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا دەڵێت: پێویستی هەیە بۆ رێککەوتنێکی ئەمنی، ئەو رێککەوتنەش پێویستی بە رێزگرتنە لە ئاسمان و یەکپارچەیی خاکی سوریا.

شەرع لە دیمەشق بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: سوریا و ئیسرائیل لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک، کە دیمەشق هیوادارە بتوانێت زامنی راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و کشانەوەی هێزەکانی لە باشوری سوریا بکات، وتیشی: رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆكان ئەنجامی هەبێت.

پێشتر ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، واشنتۆن فشار لە سوریا دەكات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن بەر لە كۆبونەوەی هەفتەی داهاتووی سەرکردەکانی جیهان، لە کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.

بەڵام شەرع رەتیکردەوە ئەمریکا فشاری لە سوریا كردبێت و وتی:  ئەمریكا وەک ناوبژیوانێک مامەڵە دەکات.

شەرع راشیگەیاند: ئەگەر رێککەوتنی ئەمنی سەرکەوتوو بێت، رەنگە رێککەوتنی زیاتر بکرێت، بەڵام ئاشتی و ئاساییکردنەوە ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئیسرائیل زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی لە سوریا ئەنجامداوە و زیاتر لە 400 هێرشی زەمینشی لە 8ی کانوونی دووەمەوە ئەنجامداوە.

شەرع كردەوەكانی ئیسرائیلی بە پێچەوانەی سیاسەتی راگەیەندراوی ئەمریکا ناوبرد بۆ سوریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو، بە كردەوەی زۆر مەترسیداریش وەسفيکرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP