دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

هەرێم نیوز 

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا، دو سەرمایەداری ئێرانی و زیاتر لە دوازدە کەسایەتی  لە هۆنگ کۆنگ و ئیمارات سزادا، بەهۆی هەماهەنگیکردن لە گواستنەوەی 100 ملیۆن دۆلار دراوی دیجیتاڵی بەدەستهاتو لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە قازانجی حکومەت و هێزە چەکدارەکانی ئێران.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دو هاوڵاتی ئێرانی بە ناوەکانی عەلیڕەزا درەخشان و ئارش ئیستەکی عەلیوەند، ئاسانكاریان كردوە بۆ  کڕینی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دراوی دیجیتاڵییان کە لە فرۆشتنی نەوتی ئێرانەوە بەدەستهاتوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو دو کەسە تۆڕێک لە کۆمپانیا ساختەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی پارەی دراوی دیجیتاڵی. تۆڕەکە هەڵساوە بە سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی کۆمپانیا ساختەکانی دەرەوە بەتایبەت لە هۆنگ کۆنگ و ئیمارات سزادراون.

جۆن کەی هێڕلی، یاریدەدەری وەزیری خەزێنە بۆ کاروباری تیرۆر و زانیاری دارایی رایگەیاندوە، "بەردەوام دەبێت لە پچڕاندنی ئەو سەرچاوە داراییە سەرەکیانەی کە پارەی پڕۆگرامەکانی چەک و چالاکییە وێرانکەرەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی ئەو ناوچەیە دابیندەکەن".

ویلایەتە یەکگرتوەکان بۆ پەسەندکردنی ئەم سزایانە، فەرمانێکی جێبەجێکاری بەکارهێناوە کە دۆناڵد ترەمپ لە مانگی (شوبات/2)ی ئەمساڵدا دەریکرد و ناوی "یاداشتی ژمارە 2ی ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆکایەتی"یە، کە داوا لە ویلایەتە یەکگرتوەکان دەکات "هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر".

هەروەها لەو فەرمانەدا هاتوە کە، "ئێران هەرگیز ناتوانێت ڕێگەی پێ بدرێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات یان پەرەی پێ بدات".

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەو سزایانە ڕێگری لە تاک و کۆمپانیاکان دەکەن دەستیان بگات بە هەر سەروەت و سامانێک یان سەروەت و سامانێکی دارایی کە لە ئەمریکا بەردەستە و ڕێگری لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هاوڵاتییان دەکات کە بازرگانییان پێوە بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP