هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نزیکە لە تەواوکردنی ڕێککەوتنی هاوکاریی بەرگریی بەرزکراوە لەگەڵ قەتەر، ئەوەش دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس لە دهوحە كه ههفتهی ڕابردو ئهنجامدرا.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، له لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامهنوسان وتی، "هێرشەکە بە تایبەتی هەستیار بوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە قەتەر هاوپەیمانێکی نزیکی واشنتنە، میوانداری گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا دهكات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە میوانداریکردن و سپۆنسەرکردنی دانوستانەکانی ئاگربەست بە هاوبەشی لەگەڵ میسر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سەر غەززە نزیکەی دو ساڵ لەمەوبەر".
ڕوبیۆ جەختی لە گرنگی درێژەدان بە نێوەندگیری قەتەر کردەوە و ڕونیكردهوه، "ئەگەر لە جیهاندا یەک وڵات هەبێت کە بتوانێت هاوکاری نێوەندگیری بکات، ئەوا قەتەرە، ئەو لایەنەیە کە توانای ئەوەی هەیە".
ئهوهشی وت، "ئێمە هاوبەشییەکی نزیکمان لەگەڵ قەتەرییەکان هەیە، هەروەها ڕێککەوتنێکی هاوکاریی بەرگریی بەرزکراوەمان هەیە کە کارمان لەسەر کردوە، ئێستاش نزیک بوینەتەوە لە یەکلاییکردنەوەی"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.
قەتەر هێرشەکەی ئیسرائیلی بە "نامەردانە و خیانەتکارانە" وەسف کرد، بەڵام جەختی لەوەکردەوە کە قەتەر لە ڕۆڵی خۆی وەک نێوەندگیری شانبەشانی میسر و ئەمریکا پاشگەز ناکاتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئایاری ڕابردودا لە سەردانەکەیدا دوپاتیکردبوەوە کە واشنتن لە تەنیشت قەتەرەوە دەوەستێت و دەیپارێزێت ئەگەر هێرش بکرێتە سەری.
ترهمپ وتیشی، پێشوەختە لەلایەن بنیامین نهتهنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە ئاگادارنەکراوەتەوە سەبارەت بەو هێرشهی کە سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس لە دەوحەی کردە ئامانج.
نهتهنیاهۆ دوێنێ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ڕوبیۆ بە ئاشکرا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سەرکردەکانی بزوتنەوەکەی کردهوه کە "لە هەر شوێنێک بن"، ئەوەش لەکاتێکدایە سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان لە دهوحە لوتکەیەکیان ئەنجامدا بۆ دەربڕینی پشتیوانی بۆ قەتەر دوای هێرشەکەی ئیسرائیل دوبارهكردهوه.