هەرێم نیوز
باراک ڕاڤید پەیامنێری ئەکسیۆس دەڵێت دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرکردەکانی عەرەبی وتووە کە ڕێگە نادات بنیامین ناتانیاهۆ کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە ببەستێتەوە.
باراک ڕاڤید ڕۆژی چوارشەممە لە ماڵپەڕی ئەکسیۆسدا نووسیویەتی: سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەکەدا پشتڕاستی کردەوە کە ترەمپ بە سەرکردە عەرەبی و موسڵمانەکانی ڕاگەیاندووە کە ڕێگە نادات ناتانیاهۆ بەشێک لە کەناری ڕۆژئاوا بخاتە سەر ئیسرائیلەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان لەوانە قەتەر، سعودیە، ئەندەنوسیا، تورکیا، پاکستان، میسر، ئیمارات و ئوردن کۆبووەوە و جەختی لەسەر پێویستی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کردەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ترەمپ بە "کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ سەرکردە نائاساییەکان" وەسفی کرد و بە "گرنگترین کۆبوونەوە"ی خۆی زانی، تەنانەت بەرزترە لەو 32 کۆبوونەوەیەی دیکە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامی داوە.