دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

ناتانیاهۆ: دەوڵەتی فەڵەستینی نییە و نابێت

هەرێم نیوز 

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، دانپێدانانی ئەم دواییەی دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن چەند وڵاتێکی ڕۆژئاواییەوە "بە هیچ شێوەیەک ئیسرائیل پابەند ناکات".

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە تێیدا هاتووە، "ڕادەست بوونی شەرمەزارانەی هەندێک لە سەرکردەکانی وڵاتان، بە تیرۆریزمی فەڵەستین بە هیچ شێوەیەک ئیسرائیل پابەند ناکات. دەوڵەتی فەڵەستینی نییە و نابێت."

ڕۆژی دووشەممە، ئەمەریکا دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەلایەن چەند وڵاتێکی هاوپەیمانی خۆیەوە بە "نمایشکار" وەسف کرد. 

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە ڕایگەیاند، "گرینگیمان لەسەر دیپلۆماسی ڕژد داوە نەک ئاماژەی نمایشی."

وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەولەویەتەکانمان ڕوونن، ئازادکردنی بارمتەکان، ئاسایشی ئیسرائیل، و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو ناوچەکە، کە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت لە حەماس دوور بێت."

هەروەها کارۆڵاین لڤێت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ پێی وایە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین بەشدار نییە لە ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، کە بە ئامانجی سەرەکی دەزانێت و ئەوەش کۆتایی بە ململانێکان ناهێنێت."

لڤێت ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ "لەگەڵ دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا ناکۆکە و لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ بەریتانیا ئەم هەڵوێستەی دەربڕیوە."

بە وتەی لڤێت، ترەمپ ئەم دانپێدانانە بە "پاداشتێک بۆ حەماس" زانیوە و جەختی کردووەتەوە "هەندێک لە دۆست و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، قسەیان زیاترە لە کردەوە ".

ئەم لێدوانە لە وەڵامی دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین بوو لەلایەن شەش وڵاتی ئەورووپا، لەوانە فەرەنسا و بەلجیکا، لە ڕۆژی دووشەممەدا.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP