هەرێم نیوز
یەک ملیۆن پەنابەری سوری گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان لەدوای ڕوخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوی سوریا لە مانگی (کانونی یەکەم/12)ـی ساڵی ڕابردودا، نەتەوە یەکگرتوەکانیش، داوای پشتیوانی زیاتری دەكات بۆ ئەوەی کەسانی دیکەش بتوانن بگەڕێنەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لەدوای ڕوخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد و تەنها لە ماوەی نۆ مانگدا، یەک ملیۆن پەنابەر گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان".
هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە "پشتیوانی زیاتر دابین بکات بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتی و ئاوارەبونی ملیۆنان سوری کە لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردودا ناچاربون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، و یارمەتی وڵاتەکە بدەن لە بنیاتنانەوەدا".
سەرەڕای شەپۆلی گەڕانەوە، هێشتا زیاتر لە 13 ملیۆن سوری وەک پەنابەر لە دەرەوەی وڵات یان ئاوارەی ناوخۆیی دەژین. ساڵانێكە ململانێ و قەیرانەکان، ئابوریی سوریایان وێران کردوە، ماڵ و ژێرخانیان کاولکردوە، لە کاتێکدا دۆخی ئەمنی لە هەندێک ناوچەدا هێشتا ناسەقامگیرە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتوەکان، دەسەڵاتدارانی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی لە وڵاتێکدا ڕوبەڕوی ئاستەنگ گەورە بونەتەوە کە ماندوە و وێران بوە و زۆربەی هاوڵاتییەکانی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
ململانێی سوریا کە لەدوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2011 کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە توندی سەرکوتکران، سەریهەڵدا و بوە هۆی ئاوارەبونی ملیۆنان کەس لەناو وڵاتدا و بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی لوبنان و تورکیا، و تەنانەت وڵاتانی دورتریش.