هەرێم نیوز
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسی کرد و ڕایگەیاند: کوردستان نیشتمانی ئایین و ئایینزا جیاوازەکانە.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسی کرد، بە سەرۆکایەتیی مەتڕان ئەنتۆنی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەنیسەکە.
لە دیدارەکەدا، ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لە پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان پێکهاتە ئایینییەکان کرایەوە.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە، "کوردستان نیشتمانی ئایین و ئایینزا جیاوازەکانە و هەمیشە کار بۆ قووڵترکردنەوە و بەهێزترکردنی کولتووری پێکەوەژیان و بنەماکانی ئاشتی و برایەتی لەنێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکاندا دەکەین".
لەلایەن خۆیەوە، شاندی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسی، خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی کوردستان نیشان دا و ئاماژەیان بەوە دا، "مایەی بەختەوەرییە، لە کوردستان هەموو ئایین و پێکهاتەکان بە ئاشتی و ئارامی دەژین و مافەکانیان پارێزراوە".