هەرێم نیوز
پارێزەرەکەی دەمیرتاش رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، رۆژی چوارشەممە، ئازادبکرێت.
مەحسونی کارامان، پارێزەری دەمیرتاش رۆژی 3ی مانگ رایگەیاندبوو، ئەگەر حکومەت تانە لە بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نەدات، ئەوا وادەی بڕیارەکە لە 8ی ئۆکتۆبەردا کۆتایی دێت و جێبەجێکردنیشی بۆ حکومەتی تورکیا ناچاری دەبێت. بەگوێرەی ماڵپەڕی Odatv، حکومەت تانە لە بڕیارەکە نادات و دەمیرتاش رۆژی چوارشەممە ئازاد دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی 1ی مانگ فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە رایگەیاند، "ئاگاداری بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپام. بەگوێرەی ماددەی 90ی دەستوور، دەبێت پابەندی ئەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییانە بین کە بەپێی رێکارەکان پەسندکراون."
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە 4ی تشرینی دووەمی 2016ـەوە دەستبەسەرە. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا تاوەکو ئێستا سێ جار (لە ساڵانی 2018، 2020 و 2025) بڕیاریداوە زیندانیکردنی دەمیرتاش پێشێلکاریی مافەکانییەتی. بەڵام دادگاکانی تورکیا داواکارییەکانی ئازادکردنیان رەتکردووەتەوە بە بیانووی ئەوەی بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا یەکلاکەرەوە نەبوون.
دوای 84 دانیشتنی پرۆسەی دادگاییکردن لە دۆسیەی کۆبانێ، دەستەی دادوەرانی 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە، رۆژی 16ـی ئایاری 2024، سەلاحەدین دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانیکردن، سزادا.
سەلاحەدین دەمیرتاش بە 47 دۆسیەی تاوان؛ تۆمەتەکانی (تێکدانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەوڵەت)، (هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان)، (رێکخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی)، (تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ)، (هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە دژی یاسا بەرکارەکان) و (پرۆپاگەندەکردن و پەسنکردنی تیرۆر) خرایە پاڵ.
سەلاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی کانوونی یەکەمی 2016 دەستبەسەرکرا و هەشت ساڵە لە زیندانە. ئەم هەشت ساڵە لە کۆی بڕیارەکە کەم دەکرێتەوە. بەمەش دەمیرتاش 34 ساڵی دیکە لە زیندان دەمێنێتەوە.