هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمریکا لە مەراسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان تایلەند و کەمبۆدیا لە شاری کوالامپوری پایتەختی مالیزیا ئامادە بوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ ئاسیا و دوای گەیشتنی بە مالیزیا، واژۆی لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان هەردوو وڵات کرد و ڕایگەیاند، "لەماوەی ئیدارەکەمدا، کۆتاییمان بە هەشتەمین جەنگ هێنا".
وتیشی "سەرکەوتوو بووین لە کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان تایلاند و کەمبۆدیا، پیرۆزبایی لە سەرکردەکانی هەردوو وڵات دەکەم بە بۆنەی ڕێککەوتنی ئاشتی."
ترەمپ ڕوونیشی کردەوە، ئامانجمان وەستاندنی جەنگەکان و بەهێزکردنی ڕێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانییە.
ڕێککەوتنەکە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی تایلاند ئانوتین چارنڤیراکویل و سەرۆک وەزیرانی کەمبۆدیا هون مانیت واژۆ کراوە.
ترەمپ بۆ ڕازیبوونی هەردوو وڵات بە ڕێککەوتنی ئاشتی و ڕاگرتنی جەنگ، کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس، هەڕەشەی زیادکردنی باجی لێکردوون.
تایلەند و کەمبۆدیا بە هەوڵ و نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ کۆتاییان بە شەڕ و پێکدادانە سنوورییەکانی نێوانیان هێناوە و ڕێککەوتنێکی ئاشتی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژۆ دەکەن.
بڕیارە ترەمپ بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ئاسیا بمێنێتەوە؛ دوای مالیزیا، ترەمپ سەردانی ژاپۆن و کۆریای باشووریش دەکات و کە چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ شی جینپینگی هاوتا چینییەکەیشی کۆببێتەوە و ئەگەریشی هەیە چاوی بە کیم جۆنگ ئوون، ڕێبەری کۆریای باکوور بکەوێت.