هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەو کردەوە، کە ئیسرائیل دیدگای خۆی بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکان رونکردوەتەوە و ئەو "هێزانەی کە بونیان لە کەرتی غەززە قبوڵ ناکرێت" دەستنیشانكراون. لەكاتێكدا پێشتر بونی هێزی توركیای لە كەرتی غەززە ڕەتكردوەتەوە.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرەتای کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا وتی، "کۆنترۆڵی ئاسایشی خۆمان دەکەین و بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکانمان رونکردوەتەوە کە ئیسرائیل ئەو هێزانە دەستنیشان دەکات کە قبوڵ ناکرێن لە كەرتی غەززە، و ئەمە ئەو رێگایەیە کە پێیدا دەڕۆین و بەردەوام دەبین لێی".
وتیشی، "ئەو كارەی ئێمە، بە دڵنیاییەوە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریكاوە قبوڵکراوە، بە گوێرەی ئەوەی کە نوێنەرە باڵاکانیان لە چەند رۆژی رابردودا دەریانبڕیوە".
نەتەنیاهۆ جەختی لەوەکردەوە کە، "سیاسەتی ئەمنیی ئیسرائیل لە دەستی خۆیدایە"، و "بەهێزی خۆی بەرگری لە خۆی دەکات و بەردەوام دەبێت لە دەستنیشانكردنی چارەنوسی خۆی".
پێشتر نوسینگەی نەتەنیاهۆ، رەتکردنەوەی خۆی بۆ چونە ژورەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ غەززە راگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا،بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.
پلانی ترەمپ بریتی بو لە بەشداریکردنی تورکیا لە هێزێکی نێودەوڵەتیدا، بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەدا.