دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

16 هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران دابەش دەکرێن

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ تیروپشك بۆ دابەشكردنی نزیكەی ١٦ هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی سنووری سەرۆكایەتییەكانی شارەوانیی بنەسڵاوە، دارەتوو، كەسنەزانی سەر بە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كرا.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتی: پرۆسەی تیروپشكی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەو دەستكەوتەیە كە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كردووە بە پێدانی پارچەیەك زەوی.

وتیشی بە دەستخۆشییەوە لە زۆربەی سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی لەنێویاندا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و ئەم پرۆسەیەی ئەمڕۆش یەكێكە لە پرۆسە گەورەكانی دابەشكردنی زەوی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و ئەو زەوییانەش لە باشترین شوێنەكان بۆ فەرمانبەران دابین كراون، دڵنیاییش دەدەینە فەرمانبەرانی شوێنەكانی دیكە كاری فەرمانگە پەیوەندارەكان بۆ جێبەجێكردنی كارە هونەری و یاساییەكان بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە قەرەبووی جووتیاران و خاوەن زەوییەكان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد خاوەن مافەكانی ئەوانیش تێیدا ڕەچاو كراوە و ئەوانیش لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدا بە مافەكانی خۆیان دەگەن.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتی: پرۆسەی تیروپشكەكە زۆر شەفاف و بە متمانە و بەشێوەی ئەلیكترۆنی كراوە و بەناوی سەرجەم فەرمانبەرانیشەوە سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەو بڕیارەی دابەشكردنی زەوی كە فەرمانبەران لە سایەی ئەو بڕیارەدا لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند دەبن و دەبنە خاوەن زەویی خۆیان. هەروەها جەختیش لەوە دەكەینەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە كارە خزمەتگوزارییەكانی بەتایبەتی لە بابەتی زەویدا، لە هەموو ئەو شوێنانەی تاوەكوو ئێستا پرۆسەكە تێیاندا بە باشی بەڕێوە نەچووە، جەخت دەكەینەوە لەو شوێنانەش فەرمانگەكان كاری پێویستی خۆیان دەكەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP