هەرێم نیوز
سەرۆک کۆماری ئەمریکا جارێکی دیکە هۆشداریی دایە ئێران کە ئەگەر هەوڵی بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمی یان مووشەکییەکەی بدات، ئەمریکا بە هەمان چڕی پێشوو هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.
دۆناڵد ترەمپ ئەم قسانەی ئێوارەی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی بۆ ڕۆژنامەنووسانی کردووە.
ترەمپ دەڵێت کە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئێرانییەکان توانای ئەتۆمی تارانی بە تەواوی "لەناوبردووە".
لە 2ی تەمموزدا، لە ناوەڕاستی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەمریکا سێ دامەزراوەی بە ناوەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئیسفەهان، بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی بی-2 و مووشەکی تۆماهۆک بۆردومان کرد، کە بە وتەی ترەمپ، "بە تەواوەتی و بە تەواوی لەناویان برد".
هۆشدارییە نوێیەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا چەند کاتژمێرێک دوای قسەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ کۆمەڵێک لە لایەنگرانی حکومەت هات، کە ڕایانگەیاند ئەگەری نوێبوونەوەی ململانێی سەربازی لەگەڵ ئێران "بە ئەنقەست و بۆ دروستکردنی نیگەرانی لای هاووڵاتییان" دەوروژێنرێت.
عەلی خامنەیی وتی:" هەندێک کەس بەردەوام ئەگەری نوێبوونەوەی ململانێی سەربازی دەوروژێنن و هەندێک کەسیش بە ئەنقەست ئەم پرسە گەورەدەکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵک لە دۆخێکی ناڕووندا بمێننەوە و ترس دروست بکەن، کە ئیشەڵڵا سەرکەوتوو نابن".
خامنەیی پێشتریش هۆشداری دابوو کە ئەو دۆخەی "نە شەڕ و نە ئاشتی" کە ئێستا لە وڵاتدا زاڵە، "کەشێکی باش نییە و زیان و مەترسی"ی لێدەکەوێتەوە.
ترەمپ لە قسەکانی ڕۆژی پێنجشەممەدا، بە ئاماژەدان بەو زیانە زۆرانەی کە بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتووە، وتی: ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ڕەنگە جارێکی دیکە نەتوانن لە هەمان خاڵەوە دەست پێ بکەنەوە و ئەگەر بیانەوێت، پێویستە شوێنێکی نوێ هەڵبژێرن.