دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

بەیروت هۆشداری دەدات: ئەگەری هێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ئارادایە

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی لوبنان بە فەرمی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیامی هۆشداریی مەترسیداری لەلایەن چەند وڵاتێکی نێوەندگیری ڕۆژئاوایی و عەرەبییەوە پێگەیشتووە. ئەم پەیامانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان بۆ سەر خاکی لوبنان، کە ڕەنگە تەنها ناوچە سنوورییەکان نەگرێتەوە.

یوسف ڕەجی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی لوبنان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد، کە حکومەتی لوبنان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم زانیارییانە دەکات.

جەختی کردەوە کە لە ئێستادا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی چڕ و بەپەلە بەردەوامە، بە ئامانجی دروستکردنی فشار لەسەر ئیسرائیل و دوورخستنەوەی مەترسیی شەڕ لەسەر لوبنان و پاراستنی ناوەندە هەستیار و ژیانییەکانی وڵاتەکە لە هەر بۆردومانێک.

ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدان کە گرژییەکان لەسەر سنووری باشووری لوبنان لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥دا جارێکی دیکە پەرەیان سەندووەتەوە. سەرەڕای بوونی ئاگربەستێک کە لە کۆتایی ٢٠٢٤ واژۆ کرا، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل دەستی کردووەتەوە بە بۆردومانی چڕی هەندێک بنکەی دیاریکراو بە هۆکاری "کۆگای چەک و ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا".

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە وەزیری دەرەوەی لوبنان لە دۆخێکی دژواری دیپلۆماسیدایە و تەنانەت بانگهێشتێکی فەرمی ئێرانیشی بۆ سەردانکردنی تاران ڕەتکردووەتەوە و هۆکارەکەی بۆ "گونجاو نەبوونی کەشوهەواکە" گەڕاندووەتەوە.

ئەمەش وەک ئاماژەیەک دەبینرێت کە بەیروت هەوڵ دەدات خۆی لە ململانێیەکی گەورەتر بەدوور بگرێت و بیانوو نەداتە دەست ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی بازنەی جەنگەکە، لە کاتێکدا فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە زیاتر بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP