هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتوە لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی 2025 ڕەوانەی بەغدا کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکیی ئەم وەزارەتەوە ڕەوانەی شاری بەغدا کرا و بڕیارە سبەی چوارشەممە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.
بەپێی ڕێکارە پەیڕەوکراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دوای گەیشتنی لیستی مووچە، فەرمانگەی وردبینی و چاودێریی دارایی عێراق دەست بە پێداچوونەوەی وردی ناوەکان و بڕی پارەکە دەکەن؛ ئەم پرۆسەیە بەپێی ئەزموونی مانگەکانی ڕابردوو، چەند ڕۆژێک تا هەفتەیەکی پێ دەچێت تاوەکو فەرمانی خەرجکردنی پارەکە دەردەچێت.
ئەمە دوا لیستی مووچەی ساڵی 2025ـ دەبێت و ئەمە لە کاتێکدایە کە بەغدا هێشتا مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.