هەرێم نیوز
شەوى ڕابردوو چەند چەکدارێکی سەر بە سەرایا سەلام هێرشیان کردە سەر سەرۆکی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی بەسرە، بەهۆى ڕووخانى خانوویەكی تەواونەكراوی ئەو گرووپەوە، دواتر موقتەدا سەدر بڕیاریدا لە پارێزگاکانی بەسرە و کوت، هەموو چالاکییەکانی سەرایا سەلام ڕابگیرێت و سەرجەم بنکە و بارەگاکانیشی دابخرێن.
میدیاکانی عێراق سەبارەت بە هۆکارى ڕاگرتنی چالاكیەكانی گرووپی سەرایا سەلام بڵاویان كردەوە: سەرد پەیامێکی بۆ تەحسین حمێداوی سەرپەرشتی ڕێکخراوی سەرایا سەلام ناردووە، کە تێیدا فەرمانی ڕاگرتن و داخستنی بارەگاکانی سەرایا سەلامی بۆ ماوەی شەش مانگ لە پارێزگاکانی بەسرە و کوت دەرکردووە.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتیمانیی شیعە لەکارخستنی سەرایا سەلامی ڕاگەیاند و ڕایگەیاند نایەوێت تۆمەتی بیبنەما ئاڕاستی گروپەکە بکرێت.
موقتەدا سەدر لە پەیامێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، بۆ ماوەی شەش مانگ بە تەواوەتی چالاکییەکانی سەرایا سەلام ڕادەگرێت و بارەگاکانیان دەداخرێن، بڕیارەکەشی بەسڕە و کوت دەگرێتەوە،
لەبارەی هۆکاری ڕاگرتنەکە موقتەدا سەدر ڕوونیکردوەتەوە، نایەوێت تۆمەتی ئەنجامدانی هێرش و کارە نابەرپرسانەکان ئاڕاستەی گروپەچەکدارییەکەی ئەو بکرێن لە کاتێکدا ئەنجامیان نەداوە، چونکە خەریکن ئەو هێرشانەی کە لایەنی سێهەم ئەنجامیان دەدات دەیخەنە ئەستۆی سەرایا سەلام و ناوبانگی لەکەدار دەکەن، هەربۆیە هەموو شت ڕادەگرێت و ناوبانگی سەرایا سەلام بۆ ئەو لە بوون و ئامادەییان لە گۆڕەپانەکە گرنگترە.