هەرێم نیوز
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگهیاند، له ئێستادا هیچ قەیرانێکی نەختینە له عێراقدا نیه و چاوهڕوان ناكرێت قهیرانێكی لهوجۆره دروستببێت، دهشڵێت، حکومەت بەردەوامە لە ئامادەکردنی بودجەی 2026 لە چوارچێوەی مەودای مامناوەند بۆ سیاسەتی دارایی.
مەزهەر محەمەد ساڵح ئهمڕۆ چوارشهممه بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA)ی راگهیاند، "حکومەتەکان بەزۆری پەنا بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەبەن کاتێک ڕوبەڕوی فشار دەبنەوە کە لە ئەنجامی هەڵاوسانی داهات یان بەرزبونەوەی پابەندبونەکان، بەتایبەتی له وڵاتێكدا كه تاك سهرچاوه بێت".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئەو ڕێکارانە لە سایەی هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت و زیادبونی پێداویستییەکانی خەرجکردن دێنهكایهوه، کە ئەوەش جۆرێک لە توندوتۆڵی و ئینزیبات لە بەڕێوەبردنی نەختینە دەسەپێنێت".
سەبارەت بە ئەگەری ڕودانی کێشەی نەختینە لە قۆناغی داهاتودا، مەزهەر محەمەد ساڵح وتی، "پێشبینی ناکرێت حکومەت توشی قەیرانی سیولەی توند ببێتەوە لە مەودای کورتدا، مادام داهاتە نەوتییەکان لە ئاستی ئێستایاندا بەردەوام بن و هەماهەنگی لەنێوان هەردو سیاسەتی دارایی و نەختینەییدا هەبێت".
ئهوهشی خستهڕو، "بەردەوامی گوشارەکان لەسەر خەرجی بەگەڕخستن ڕەنگە ببێتە هۆی فراوانبونی ڕێژەیی لە کورتهێنانی بودجەی 2026، ئەگەر هاوتەریب نەبێت بە کۆنتڕۆڵکردنی خەرجییەکان و بەهێزکردنی داهاتە نا نەوتییەکان، بەتایبەتی باج و گومرگ".
لەبارەی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2026، راوێژكارهكهی سودانی وتی، "دەسەڵاتی دارایی و حکومەت قۆناغێکی گرنگیان بڕیوە لە ئامادەکردنی لە چوارچێوەی مەودای مامناوەندی سیاسەتی دارایی و پێشبینی دەکرێت پڕۆژەکە جەخت لەسەر بەدەستهێنانی هاوسەنگی نێوان سەقامگیری دارایی و پێداویستییەکانی گەشەپێدان بکاتەوە".
ئابوری عێراق بە تەواوی وابەستەی کەرتی نەوتە و 95%ی کۆی داھاتی عێراق لە دراوی ڕەقەوە دێت، عێراق لە دوای کۆتاییھاتنی شەڕ له ماوهی زیاتر له سێ دهیهی رابردو بارگرانیی لەسەر ئابوریهكهی دروستبوه، ئهوه سهرهڕای ئهو گهمارۆ ئابوریانهی كه لهماوهی رابردودا بهسهر وڵاتهكهدا سهپێنراون.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگهیاند، ئابوری عێراق ڕوبەڕوی فشاری جۆراوجۆر بوەتەوە، دهشڵێت، موچە و یارمەتییەکان تەحەددایەکی زیادە دروست دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی سەختی کەمکردنەوەی ئەو خەرجییانە بەهۆی کاردانەوەی کۆمەڵایەتی پێشنیاركراوه.