هەرێم نیوز
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایدەگەیەنێت، لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی پێنجشەممەوە پشووی فەرمی دەست پێ دەکات و دابەشکردنی مووچەش لە ڕۆژانی پشوودا بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی 12ی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەبۆنەی جەژنەکانی سەری ساڵەوە، لە ڕۆژی پێنجشەممە 25ی 12ی 2025، تا ڕۆژی شەممە 3ی 1ی 2026، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکان ڕۆژی یەکشەممە 4ی 1ی 2026 دەست پێ دەکاتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕوونیشی کردووەتەوە، لە ڕۆژانی پشوودا دەوام لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ئێشکگری دەبێت و لە کاتی هاتنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژانی پشووشدا بەردەوام دەبێت و ناوەستێت.