هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی بڵاو کردەوە کە تێیدا سەرۆک و جێگرانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش هۆشداری دەدات کە دانیشتنەکە دوا ناکەوێت.
بەگوێرەی کارنامەی بڵاوکراوە، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە 29ی 12ی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت. لە دانیشتنەکەدا سەرەتا کاندیدە سەرکەوتووەکان سوێندی یاسایی دەخۆن و دواتر بەپێی بەرنامەی کار، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان (سەرۆک و دوو جێگرەکەی) هەڵدەبژێردرێن.
لای خۆیەوە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە، بەگوێرەی دەستوور نابێت دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان دوابخرێت یان درێژ بکرێتەوە (بە کراوەیی بمێنێتەوە)، بەڵکو دەبێت لەم دانیشتنەدا پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تەواو بکرێت.
جێی باسە بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی خشتەی زەمەنیی دەستووری بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەست پێ دەکات.