دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

قایمقامی سیدەکان دەنگۆی بێسەروشوێنبوونی 8 کەس ڕەتدەکاتەوە و ڕاستی ڕووداوەکە ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

قایمقامی قەزای سیدەکان، ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن 8 کەس لە سنووری ناوچەکە بەهۆی بەفربارینەوە بێسەروشوێن بوون و ڕایدەگەیەنێت سەرجەم ئەو کەسانەی لە کوێستانەکان گیریان خواردووە ناسراون و پەیوەندییان پێوە کراوە.

ئیحسان چەلەبی قایمقامی سیدەکان  ڕایگەیاند: "هیچ کەسێک لەم سنوورە بەهۆی بەفربارینەوە بێسەروشوێن نەبووە. ئەوەی هەیە 12 هاوڵاتییە کە کاری مەڕداری دەکەن و لە شەوی ڕابردووەوە لە سنووری (لۆڵان) ڕێگەیان لێ گیراوە." ئاماژەی بەوەش کرد زانیاری تەواویان هەیە کە هەر 12 کەسەکە سەلامەتن و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئاسانکارییان بۆ بکرێت بۆ گەڕانەوەیان.

ئاشکرای کرد کە گروپێکی تری 7 کەسی کە بۆ گەشت چوونەتە ناوچەکە، لە نێوان گوندی (بێرکمە) و کوێستانەکانی (کێلەشین) گیریان خواردووە. جەختی کردەوە کە تیمەکان لە هەوڵدان بۆ هێنانەخوارەوەیان و ڕزگارکردنیان لەو مەترسییەی بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لەو ناوچە شاخاوییە دروست بووە.

بەپێی وتەی قایمقامی سیدەکان، کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە شەوی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی بەفربارین و داخرانی ڕێگاکان لە ناوچە کوێستانییە جیاوازەکانی سیدەکان گیریان خواردووە، دەگاتە 19 کەس و هەموویان لە ژیاندا ماون و هەوڵی جددی بۆ فریاکەوتنیان لە ئارادایە.








Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP