هەرێم نیوز
ئەمڕۆ شەممە ٣ی ١ی ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بەتوندى ئیدانەی هێرشەکانی ئەمەریکای بۆ سەر ڤەنزوێلا کرد و بە "دوژمنکاری" وەسفی کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد: دەستدرێژیی سەربازیی ئەمەریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما بنەڕەتییەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: مافی ڕەوای ڤەنزوێلایە بەرگری لە سەروەریی نیشتمانی و سەلامەتیی خاکەکەی بکات. هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، بە بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆیان هەستن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و لێپرسینەوە لەو لایەنانەی پلانداڕێژەری ئەو کارە بوون.
ئێران و ڤەنزوێلا خاوەنی پەیوەندییەکی ستراتیژیی بەهێزن و هەردوولا لەژێر سزاکانی ئەمەریکادان. تاران لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام پشتیوانیی سیاسی و ئابووریی خۆی بۆ حکوومەتەکەی مادورۆ دەربڕیوە. ئەم هەڵوێستە توندەی ئێران نیشانەی ئەوەیە کە ئاڵۆزییەکانی ڤەنزوێلا تەنها لە چوارچێوەی ناوچەکەدا نامێنێتەوە و ڕەنگە هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکان بەرانبەر واشنتن زیاتر چڕ ببنەوە.