دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئیسرائیل: ئێران پیلان بۆ تیرۆرکردنی ئەحمەد شەرع دادەڕێژێت

هەرێم نیوز

سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە ئێران لەگەڵ چەند لایەنێکی تری نەیار خەریکی داڕشتنی پیلانێکی مەترسیدارن بۆ لەناوبردنی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەندێک لە میدیا عیبرییەکان ئاماژە بە بوونی کەناڵی دیپلۆماسیی نهێنی و کراوە لە نێوان تەلئەبیب و دیمەشق دەکەن.

ماڵپەڕی "واڵا" کە نزیکە لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە لە کۆبوونەوە ئەمنییەکاندا باس لە بوونی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی شەرع و فەرماندە باڵاکانی سووریا کراوە، هەربۆیە بارودۆخی ناوخۆیی سووریا بە ناجێگیر وەسف کراوە و سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتەش ڕێکاری ئەمنی توندی بۆ پاراستنی خۆی و جێگیرکردنی دەسەڵاتەکەی گرتووەتە بەر.

ئیسرائیل سەرەڕای گۆڕانکارییە سیاسییەکان بڕیاریداوە لە "ناوچەی ئەمنی" لە باشووری سووریا نەکشێتەوە و ئەمەش جۆرێک لە جیاوازیی دیدگای لەگەڵ ئەمریکا دروست کردووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل پێی وایە پاراستنی ئەو ناوچانە وەک قەڵغانێک بۆ شارۆچکە سنوورییەکانیان زۆر پێویستە.

سیاسەتی سەربازیی ئیسرائیل لە سووریا دابەشکراوە بۆ سێ ناوچەی سەرەکی کە بریتین لە ناوچەی ئەمنیی سنووری بۆ پاراستنی ڕاستەوخۆ، ناوچەی ئەمنیی فراوانکراو تا قووڵایی ١٥ کیلۆمەتر بۆ ڕێگریکردن لە ژێرخانی سەربازی، و ناوچەی هەژموون کە لە سوەیداوە تا دیمەشق دەگرێتەوە و چاودێری چەکی پێشکەوتووی تێدا دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP