هەرێم نیوز
بەرپرسێکی باڵای ئێران کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە لە ناو تاران نیگەرانییەکی قووڵ هەیە لەوەی وڵاتەکەیان ببێتە قوربانی داهاتووی سیاسەتە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەت دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمریکا کە لە ڤەنزوێلا ئەنجامیدا و بووە هۆی دەستگیرکردنی مادۆرۆ.
ئەم بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی تاران ترسیان هەیە لەوەی ئەمریکا یان ئیسرائیل پەنا بۆ هێرشی سەربازی ببەن، هاوشێوەی ئەو هێرشانەی کە لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا (٢٠٢٥) کرایە سەر دامەزراوەکانی ئێران، ئێستاش لە ناوەندە سیاسییەکانی تاراندا ئەمە وەک مەترسییەکی جددی بۆ سەر داهاتووی وڵاتەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم نیگەرانییانە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جارێکی تر هەڕەشەکانی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە گرنگترین بڕیاری حکومەتەکەی هێرشکردنە سەر ئێرانە بۆ لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەکی ئەتۆمی، ناتانیاهۆ هۆشداری توندی دا کە ئەگەر ئیسرائیل بکرێتە ئامانج، ئەوا لێکەوتەکان بۆ سەر ئێران زۆر گەورە و جەرگبڕ دەبن.