هەرێم نیوز
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نوێترین ئامارەکانیان دەربارەی حەوت ڕۆژی یەکەمی خۆپێشاندانە نوێیەکانی ئێران بڵاوکردەوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ڕایگەیاند کە توانیویەتی ناسنامەی ١٧ هاووڵاتی پشتڕاست بکاتەوە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات ڕێکخراوی "هەرانا" ئامارێکی جیاوازی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە بەلایەنی کەمەوە ١٥ هاووڵاتی کوژراون و لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ١٧٤ خاڵی وڵات لە ٦٠ شار و ٢٥ پارێزگای جیاواز بوونەتە گۆڕەپانی تێکهەڵچوونەکان، کە تێیاندا ٥٨٢ کەس دەستگیرکراون.
دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ئێرانیش هەندێک لە ئامارەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە، لەوانە جێگری پارێزگاری قوم ڕایگەیاندووە کە دوو کەس لە شارەکەیان کوژراون کە یەکێکیان مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بووە، بەڵام بانگەشەی ئەوەی کرد کە کەسی دووەم بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێک لەناو دەستەکانیدا گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ناڕەزایەتییەکان لە ٢٣ پارێزگا لە کۆی ٣١ پارێزگای ئێران سەریان هەڵداوە و زیاتر لە ٤٠ شاری گرتووەتەوە، هەروەها ١٨ زانکۆش بوونەتە مەیدانی چالاکییە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران و مانگرتنی چین و توێژە جیاوازەکان.