هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا، هێرشێکی توندی کردە سەر گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا و بە "پیاوێکی نەخۆش" ناوزەدی کرد.
ترەمپ وتی: "کۆڵۆمبیا لەلایەن پیاوێکی نەخۆشەوە بەڕێوەدەبرێت و زۆریش لەوێ نامێنێتەوە."
ترەمپ تۆمەتی قورسی ئاراستەی پێترۆ کرد و ڕایگەیاند: "سەرۆکی کۆڵۆمبیا کۆکاین بەرهەم دەهێنێت و بۆ ئەمەریکای دەنێرێت، دەبێت زۆر وریای خۆی بێت." هاوکات هۆشداریی دایە مەکسیک و کوباش کە دەبێت چاوەڕوانی هەڵوێستی توندی واشنتن بن.
لای خۆیەوە، گوستاڤۆ پێترۆ وەڵامی ترەمپی دایەوە و دەستگیرکردنی مادۆرۆی بە "ڕفاندنێکی نایاسایی و پەڵەیەکی ڕەش" لە مێژوودا وەسف کرد. پێترۆ کارەکەی ئەمەریکای بە کردەوەکانی "هیتلەر و ناتانیاهۆ" چواند و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی واشنتن.
پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بۆگۆتا دوای کەمکردنەوەی هاوکارییە داراییەکانی ئەمەریکا بۆ کۆڵۆمبیا گەیشتووەتە بنبەست. ترەمپ کە ئێستا لە لوتکەی دەسەڵاتدایە و مادۆرۆی دەستگیر کردووە، وا دەردەکەوێت چاوی بڕیوەتە گۆڕینی هاوسەنگییەکان لە تەواوی ئەمەریکای لاتین. ناوهێنانی پێترۆ وەک "ئامانجی داهاتوو" لە جەنگی دژی ماددە هۆشبەرەکان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە کۆڵۆمبیا وێستگەی داهاتووی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمەریکا بێت.