دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

هەنگاو ناسنامەی ١٧ کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانی بڵاوکردەوە؛ زۆربەیان کورد و لۆڕن

هەرێم نیوز

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ تێپەڕبوونی حەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوژرانی ١٧ هاووڵاتی لەلایەن تیمەکانیانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کوژراوەکان خەڵکی شارەکانی (مەلەکشاهی، هەمەدان، هەرسین، نووراوا، کۆدەشت، ئەزنا، لۆردەگان، فوولادشەهر و مەرودەشت)ـن لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان، هەمەدان، فارس، ئیلام، چوارمەحاڵ و بەختیاری و ئەسفەهان.

هەنگاو ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆی کوژراوەکان ٩ کەسیان هاووڵاتیی لۆڕ و ٧ کەسیان کوردن (کە یەکێکیان سەر بە کەمینەی ئایینی یارسانە)، هەروەها هاووڵاتییەکی فارسیش لە هەمەدان گیانی لەدەستداوە. جیا لەمانە، لانی کەم ٦ حاڵەتی دیکەی کوژران لەژێر لێکۆڵینەوەدان و میدیا حکوومییەکانی ئێرانیش باسیان لە کوژرانی دوو کەس لە شاری قوم کردووە.

ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە بەدەست قەیرانی ئابووری و فشاری سیاسییەوە دەناڵێنێت. شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە لوڕنشینەکان هەمیشە ناوەندی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان بوون و بەهۆی بەکارهێنانی هێز لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، ئاماری قوربانییەکان لەو ناوچانە بەرزترە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لە توندتربوونی دۆخەکە و داوای پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP