هەرێم نیوز
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی نوێترین پێشبینییەکانی بۆ بارودۆخی دابارین لە مانگەکانی داهاتوودا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە وەرزی زستانی ئەمساڵ لە سەروو ئاستی ئاساییەوە دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم شارەزایە دیاردەی "لانینا" لە زەریای هێمن کە لە ساڵانی ڕابردوو هۆکاری وشکەساڵی بوو ئێستا زۆر لاواز بووە و بەرەو کۆتایی دەچێت، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە هاوینی داهاتوودا دیاردەی "ئێڵ نینۆ" دەستپێبکاتەوە کە ئەمەش مژدەیەکی باشە بۆ زیادبوونی بارانبارین لە وەرزی داهاتوودا.
بارانبارین لەم مانگەدا (کانوونی دووەم) لە ئاستێکی ئاساییدا دەبێت، بەڵام مژدە سەرەکییەکە بۆ مانگەکانی شوبات و ئادارە (مانگی 2 و 3) کە پێشبینی دەکرێت چەندین شەپۆلی بەهێزی بەفر و باران ناوچەکە بگرێتەوە و ڕێژەی دابارین لە سەروو ئاستی نۆرماڵ بێت.
ئاراس جەبار جەختی کردەوە کە تا کۆتایی وەرزی زستانی ئەمساڵ هیچ مەترسییەک بۆ گەڕانەوەی وشکەساڵی درێژخایەن لە ئارادا نییە و دۆخی دابارین لە ناوچە شاخاوییەکان و دەشتاییەکاندا زۆر دڵخۆشکەر دەبێت.