هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ جاری دووەم هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕایگەیاند، بە وردی چاودێریی ڕووداوەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەکات.
ترەمپ لە ناو فڕۆکە تایبەتەکەی خۆیدا بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: "ئەگەر هاوشێوەی ڕابردوو دەست بە کوشتنی خەڵک بکەن، ئەوا لەلایەن ئەمەریکاوە بە توندی وەڵام دەدرێنەوە و گورزێکی کاریگەرتان لێ دەدەین." ئەمە دووەم هەڵوێستی توندی ترەمپە لە دوای دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە.
گرژییەکان دوای ئەوە سەریان هەڵدا کە بەهای تمەن نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار کرد و گەیشتە ١٤٤ هەزار تمەن بەرانبەر بە یەک دۆلار، ئەمەش بازاڕەکانی تارانی پەکخست و دروشمە ئابوورییەکانی بۆ داواکاریی سیاسی و ڕووخاندنی ڕژێم گۆڕی.
ئەمڕۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران پێ دەنێتە نۆیەمین ڕۆژی خۆیەوە. ڕۆژی شەممە ٣ی ١ خوێناویترین ڕۆژی خۆپێشاندانەکان بوو، بەتایبەت لە شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تێیدا لانی کەم چوار کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران. هەرچەندە حکومەتی ئێران سەرۆکی بانکی ناوەندی گۆڕیوە و بەهای تمەن کەمێک جێگیر بووەتەوه، بەڵام خۆپێشاندانەکان لە شارە گەورەکانی وەک تاران، ئەسفەهان، شیراز و کرماشان بەردەوامن. گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و هەڕەشە ڕاستەوخۆکانی، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتی واشنتن بەرانبەر تاران لە ئەگەری بەردەوامیی سەرکوتکارییەکان.