هەرێم نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی ١ی ٢٠٢٦، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی نزار ئامێدی وەک کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق دەستنیشان کرد و کۆتایی بە هەموو دەنگۆکان لەوبارەیەوە هێنا.
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی کورتدا ئاشکرای کرد: "نزار ئامێدی تەنها کاندیدی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق."
نزار ئامێدی کە پێشتر وەزیری ژینگەی عێراق بووە، وەک کەسایەتییەکی نزیک لە ناوەندە سیاسییەکانی بەغدا و خاوەن ئەزموون لە کاری حکوومەتیدا دەبینرێت. دیاریکردنی وەک تەنها کاندیدی یەکێتی دوای ئەوە دێت کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ناوی چەند کاندیدێکی تر لەناو میدیاکاندا دەهێنرا.
نزار محەممەد سەعید، لەدایكبووی 1968ـی قەزای ئامێدیە، خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە بەشی ئەندازیاریی میكانیكی لە زانكۆی مووسڵ، خێزاندارە و چوار منداڵی هەیە.
پێشتر ڕاوێژكاری باڵا بووە لە نووسینگەی سەرۆككۆمار، وەزیری ژینگەی عێراق بووە لە كابینەی سوودانی، ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە لە بەغدا.