هەرێم نیوز
ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، کە مەرسوومە نوێیەکەی ئەحمەد شەرع دەستپێشخەرییەکی باشە بەڵام هێشتا بەس نییە بۆ دابینکردنی مافەکانی کورد.
ساڵح موسلیم جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە مافەکانی گەلی کورد بە فەرمی لە دەستووری نوێی سووریادا بچەسپێنرێن و تەنیا بە مەرسووم ناتوانرێت گەرەنتی بکرێن. وتیشی: "مەرسوومە تایبەتەکە ڕەنگە تەنیا خۆڵکردنە چاو بێت، چونکە ئێمە پێویستمان بە گەرەنتیی یاسایی و دەستوورییە."
لەبارەی شکستی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق، موسلیم تورکیای تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند: "لایەنی تورکی شکستی بە ڕێککەوتنەکەی ١٠ی ئازار هێنا."
ئاماژەی بەوەش دا، کە سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، هیچ ڕێگەیەکی دیکە لەبەردەم لایەنەکاندا نییە جگە لە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنە.
خاڵە سەرەکییەکانی لێدوانی ساڵح موسلیم:
• نێوەندگیریی ئەمریکا: تۆم باراک فشارمان لێناکات، بەڵکو تەنیا دەیەوێت دۆخەکە هێور بێتەوە.
• پشتگیریی هۆزەکان: زۆرینەی هۆزە عەرەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لەگەڵ هەسەدەدان و پشتیوانی دەکەن.
• هۆشداری لە شەڕ: هەر هەوڵێک بۆ چارەسەری سەربازی، دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆییەکی مێژوویی لە سووریا.
• نوێنەرایەتیی کورد: لیژنەیەکی هاوبەش لە قامیشلۆ پێکهێنراوە بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکی سووریا و ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ.