دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

وەردەکاریی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ئەستەنبوڵ

هەرێم نیوز

دواى دڵەڕاوکێیەکى زۆر و چاوەڕوانى هەڵگیرسانى جەنگێکی ناهەمووار لەنێوان ئەمریکا و ئێران، هەردوولا جۆرە نەرمییەکیان نیشاندا بۆ ئەوەى گفتوگۆیەک لە نزیکەوە ئەنجام بدرێت، و ئێستا چاوەکان بڕاونەتە ئەستەنبوڵ، کە بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو دیدارێکی دیپلۆماسیی ئاستبەرز لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی زیندووکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان ڕووبەڕوو گفتوگۆ دەکرێت.

بەپێی زانیاریی سێ سەرچاوەی ئاگادار کە بۆ تۆڕی CNNقسەیانکردووە، ئەم گفتوگۆیانە لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکاندا دێن بۆ دورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەکەدا. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، لەگەڵ جارید کۆشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پایتەختی تورکیا کۆببنەوە.

نێوەندگیریی بەهێزهەیە:
هەروەها چاوەڕواندەکرێت وەک هەوڵێک بۆ پشتگیریکردنی نێوەندگیرییە هەرێمییەکان و دوورکەوتنەوە لە جەنگ. وەزیرانی دەرەوەی چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی لەوانە (میسر، عومان، پاکستان، قەتەر، سعودیە و ئیمارات) بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا بکەن. 

دیداری راستەوخۆ؟
هێشتا ڕوون نییە کە ئایا رازیدەبێت دیدارەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان لە ڕێگە ناڕاستەوخۆکانەوە وەک لە خوولەکانى پێشوو ئەنجامیاندا لە ساڵی رابردوودا، ئەمە لە کاتێکدایە واشنتن فشار دەکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران. کۆشکی سپی تا ئێستا ڕەتی کردووەتەوە لێدوان لەسەر ئەم هەواڵانە بدات.

ترەمپ گەشبینە:
هەرچەندە ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە؛ بەڵام ترەمپ گەشبینی خۆی نیشانداوە و ڕایگەیاندووە کە ئێران "بە جدی گفتوگۆمان لەگەڵ دەکات". عێراقچیش لای خۆیەوە بە CNNی ڕاگەیاندووە کە متمانەی بە گەیشتن بە ڕێککەوتن هەیە.

وردەکاریی زیاتر هەیە:
سەرچاوەکان هۆشداریی دەدەن کە ڕەنگە کۆبوونەوەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە و دوا بکەوێت یان هەڵبووەشێتەوە. جێی ئاماژەیە دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان هەردوولا ساڵی ڕابردوو بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە پەکیانکەوتبوو.

دواى جەنگی 12 رۆژە سیناریۆیەکی گونجاوە:
ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێیە، کە دەبێتە یەکەم پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ئاستبەرز دوای شکستی دانوستانەکانی پێشوو و هەڵگیرسانی ئەو جەنگەی کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ١٢ ڕۆژی خایاند. سەرچاوەکان دەڵێن ئەم دیدارە "باشترین سیناریۆی گونجاوە" لە قۆناغی ئێستادا.

هەوڵە هەرێمییەکان و هەڵوێستی تاران
ئامادەکارییەکان بۆ ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجامی هەوڵی چڕی دیپلۆماسی وڵاتانی تورکیا، میسر و قەتەر بووە. هەروەها میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕێنمایی دەرکردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ.

واز لە زمانى هەڕەشە بێنن:
عەباس عێراقچی ڕایگەیاند: "ئێران ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دیپلۆماسی، بەڵام دیپلۆماسی لەگەڵ فشار و هەڕەشە و بەکارهێنانی هێزدا یەکناگرێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران لە بەردەم "وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەدایە" لە نێوان بژاردەی ڕێککەوتن یان ڕووبەڕووبوونەوە.

ئاستەنگەکان :
سەرچاوە سیاسییەکان پێیان وایە کەلێنی نێوان هەردوولا هێشتا گەورەیە؛ ئیدارەی ترەمپ داوا دەکات بەرنامەی موشەکیی ئێران و ڕۆڵی هەرێمیی ئەو وڵاتە بخرێتە ناو هەر ڕێککەوتنێکی نوێ، بەڵام ئێران پێداگری دەکات کە گفتوگۆکان تەنها لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بن.

جووڵەى سەیر هەیە:
بڕیارە ویتکۆف پێش چوون بۆ ئەستەنبوڵ، سەردانی ئیسرائیل بکات و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ و ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل کۆببێتەوە. دواتر دەچێتە ئەبوزەبی بۆ بەشداری لە گفتوگۆ سێ قۆڵییەکانی نێوان (ڕوسیا، ئۆکرانیا و ئەمریکا) دەربارەی ئاشتی، پاشان بەرەو تورکیا بەڕێ دەکەوێت.

بەرپرسێکی ئەمریکی جەختی کردەوە کە ترەمپ "بە توندی داوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێک دەکات" و ئامانجی کۆبوونەوەکەش تەنها گوێگرتنە لە هەڵوێستی ئێران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP