هەرێم نیوز
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە وەزارەتی داد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوی کردوونەتەوە، وردەکاریی نوێ لەسەر قوڵیی پەیوەندیی نێوان بیرمەندی بەناوبانگ "نۆام چۆمسکی" و "جێفری ئیپشتاین" (تاوانباری سێکسی کۆچکردوو) دەرکەوتووە، کە تێیدا باس لە ئامۆژگارییەکان، پلانی گەشتکردن و گاڵتەوگەپە تایبەتەکانی نێوانیان دەکرێت.
خەیاڵکردن بە دورگە "کاریبی"ـیەکەوە
لە یەکێک لە ئیمەیڵەکاندا، چۆمسکی باس لەوە دەکات کە "خەیاڵ بە دورگە کاریبییەکەوە دەکات". هەرچەندە لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژەی ڕوون نییە کە چۆمسکی مەبەستی ئەو دورگە تایبەتەی ئیپشتاین بووبێت کە تێیدا دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر منداڵان، بەڵام ئاڵوگۆڕی نامەکان ئاماژەن بۆ ئاشنایەتییەکی زۆری نێوان ئەو دوو پیاوە.
ئامۆژگارییەکەی چۆمسکی: "گوێ بە ژنان مەدە"
یەکێک لە مەترسیدارترین بەشەکانی بەڵگەنامەکان دەگەڕێتەوە بۆ شوباتی ٢٠١٩ (واتە ١١ ساڵ دوای ئەوەی ئیپشتاین دان بە تاوانی لەشفرۆشیی منداڵاندا دەنێت). ئیپشتاین داوای ئامۆژگاری لە چۆمسکی کردووە سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو فشارە میدیاییەی لەسەریەتی.
چۆمسکی لە وەڵامدا نووسیویەتی: "باشترین ڕێگە بۆ مامەڵەکردن فەرامۆشکردن (ئیهمالکردن)ـە. ئەمە بەتایبەت ئێستا ڕاستە بەهۆی ئەو هیستیریایەی (شڵەژانە دەروونییەی) کە سەبارەت بە ئازاردانی ژنان دروست بووە، کە گەیشتووەتە ئاستێک تەنانەت پرسیارکردن لە تۆمەتێک بە تاوانێکی خراپتر لە کوشتن دادەنرێت".
پەیوەندی بە ستیڤ بانۆن و سیاسەتەوە
بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە ئیپشتاین وەک پردێک بووە بۆ ناساندنی چۆمسکی بە کەسایەتییە سیاسییەکان. چۆمسکی ئیمەیڵی بۆ "ستیڤ بانۆن" (ستراتیژیستی باڵای دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمیدا) ناردووە و داوای دیدارێکی کردووە و نووسیویەتی: "شتی زۆر هەیە قسەی لەسەر بکەین"، هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە ئیپشتاین ژمارەکەی پێداوە.
پشکنینی بۆماوەیی و وودی ئاڵێن
پەیوەندییەکە تەنها لەنێوان خۆیاندا نەبووە، بەڵکو "کارینا شولیاک" (دۆستە کچەکەی ئیپشتاین) هەماهەنگی کردووە بۆ ناردنی "کیدی پشکنینی بۆماوەیی" (DNA tests) بۆ چۆمسکی و هاوسەرەکەی وەک دیاری. هەروەها باس لە پلانی ئێوارە خوانێک کراوە لەگەڵ دەرھێنەری سینەمایی "وودی ئاڵێن" و هاوسەرەکەی، کە ئەویش پێشتر تۆمەتبار کرابوو بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچەکەی خۆی.
گاڵتەی نەشیاو
گوێچکەی سەگ و ئەندامی نێرینە:
سەرەتا ئیپشتاین بە چۆمسکی و ژنەکەی دەڵێت ئێوە وەک "پلوتۆ و مانگەکەی" دەبینم.
چۆمسکی دەپرسێت "پلوتۆ کێیە؟". ئیپشتاین وێنەی "سەگی پلوتۆ" (کارتۆنی دیزنی) بۆ دەنێرێت کە گوێچکەیەکی قوت بووەتەوە (بەرز وەستاوە).
چۆمسکی دەڵێت بەڵێ شێوەم لەو دەچێت.
ئینجا ئیپشتاین وەڵام دەداتەوە و گاڵتەیەکی سێکسی دەکات، دەنووسێت: "لەو تەمەنەی تۆدا، هەر شتێک قوت بوەستێت (بەرز بێتەوە)، شانازی پێوە بکە."
چۆمسکی تەنها دەنووسێت: "ئاخ" (Ouch).
لایەنی دارایی
پەیوەندییەکە لایەنی داراییشی لەخۆگرتووە. چۆمسکی ڕاوێژی بە ئیپشتاین کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی دارایی ئاڵۆز لەگەڵ منداڵەکانی هاوسەری یەکەمی. هەروەها لە قۆناغێکدا چۆمسکی دڵنیا بووەتەوە لەوەی ڕای ئیپشتاین وەربگرێت پێش ئەوەی پارێزەرەکەی ئیمەیڵێک بۆ ڕاوێژکارە داراییەکەی بنێرێت.
شایانی باسە نۆام چۆمسکی (٩٧ ساڵ) لە ئێستادا بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە لە پشووی پزیشکیدایە و هیچ وەڵامێکی بۆ ئەم زانیارییە نوێیانە نەبووە.