هەرێم نیوز
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە لەبارەی وێرانبوونی کەنیسەیەکی جووەکان لە تاران ڕوونکردنەوەی دا.
ئەم وڵاتە ڕایگەیاند ئامانجی سەرەکی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیەکی باڵای بارەگای خاتەمولئەنبیا بووە.
میدیای ئیسرائیل دڵێن: ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج، لە کەنیسەیەکی جولەکەکان لە تاران ئامادەبووە.
سوپای ئیسرائیل لە هەژماری فەرمی خۆی لە "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە کە خەریکی هەڵسەنگاندنی وردی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەن.
دەزگای سەربازی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە پێش هێرشەکە چاودێرییەکی وردی ئاسمانییان کردووە بۆ ئەوەی زیان بە سڤیل نەگات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە زیانگەیشتن بە کەنیسەی نزیک شوێنی هێرشەکە "لاوەکی" بووە و بە مەبەست نەبووە.
ئیسرائیل جەختی کردەوە ئامانجە سەربازییەکەی لە هێرشەکەدا پێکاوە.
لەلایەکی دیکەوە، هۆمایۆن سامەیح نوێنەری جووەکان لە پەرلەمانی ئێران وێرانبوونی کەنیسەی "رەفعنیا"ی پشتڕاست کردەوە.
سامەیح دەڵێت ئەم کەنیسەیە یەکێک بووە لە ناوەندە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی جووەکان لە تاران.