هەرێم نیوز
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتی ئەوقاف، بڕیاردرا گەشتی ئەمساڵی حاجیانی کوردستان بۆ وڵاتی سعوودیە بە فڕۆکە بێت، ئەوەش بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتر و کەمکردنەوەی ماندووبوونی حاجیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی 4ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم ڕایگەیاند، کە دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری حکوومەتی هەرێم و د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتیی حەج و عومرەی عێراق، بڕیارێکی نوێ لە بەرژەوەندیی حاجیانی کوردستان درا.
بەپێی بڕیارەکە، حاجیانی کوردستان تاوەکوو سنووری عەرعەر بە پاس دەچن و لەوێوە بە فڕۆکە دەگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی جەدە لە وڵاتی سعوودیە، ئەمەش وەک سەلامەتترین و خێراترین ڕێگە بۆ گەیشتن بە مەککەی پیرۆز هەژمار دەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ ئاسوودەیی زیاتری حاجیان، هەر لە کوردستانەوە جانتاکانیان بە ڕێگەی بارهەڵگر ڕەوانەی شاری مەککە دەکرێت و پێش گەیشتنی خۆیان دەگاتە هۆتێلەکانیان، تاوەکوو لە کاتی گەشتەکەدا هیچ بارگرانییەکیان لەسەر نەبێت.
ئەوەش هاتووە، بڕیارە ڕۆژی 12ـی ئایاری 2026 یەکەم گەشتی حاجیان بە فڕۆکە دەست پێ بکات و بەپێی خشتەیەکی ڕۆژانە، لە ماوەی سێ ڕۆژدا تەواوی حاجیانی هەرێمی کوردستان دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتی سعوودیە.