دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی: بڕیارە لەم هەفتەیەدا دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار یەکلایی بکرێتەوە

هەرێم نیوز

پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی ڕایدەگەیەنن، کە ئەمڕۆ دۆسیەی ناوبراو و هاوڕێکانی گەیەنراوەتە دادگای تاوانی سلێمانی ٢ بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا دادوەرانی کەیسەکە هیچ بڕیارێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی 4ـی 2026، قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار ڕایگەیاند، کە دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی دیکە گەیەنراوەتە بەردەم دادوەرانی دادگای تاوانەکانی سلێمانی دوو، بەڵام بڕیار لەبارەیانەوە نەدراوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە دادوەر سەرقاڵی خوێندنەوەی پەڕاوەکانە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا دۆسیەکە یەکلایی بکرێتەوە.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، کە ڕۆژی ١٩ـی نیسانی ڕابردوو، لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا ڕایگەیاندبوو، کە ماوەی هەشت مانگە بەبێ ڕێکارێکی یاسایی زیندانی کراون.

 ئەو باسی لەوەش کردبوو، کە بەهۆی "گوشارەکانی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی"ـیەوە دۆسیەکەیان ناچێتە دادگای تەمیز، هەر بۆیە لەگەڵ پۆڵاد شێخ جەنگیی برایدا مانیان لە خواردن گرت، بەڵام دوای سێ ڕۆژ و بە وەرگرتنی بەڵێنی کارکردن لەسەر کەیسەکەیان، مانگرتنەکەیان شکاند.

بەپێی زانیارییەکانی پارێزەری کەیسەکە، زۆرینەی دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی هۆتێل لالەزار ئازاد کراون و لە ئێستادا تەنیا لاهوور شێخ جەنگی و ١٨ کەسی دیکە لە زینداندا ماونەتەوە.

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، شەوی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی گەمارۆی هۆتێل لالەزاریان دا و دوای سێ سەعات ڕووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.

 لەو پێکدادانەدا بە فەرمی گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکە ڕاگەیەندرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP