هەرێم نیوز
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی هاوبەشەوە پاڵپشتی بۆ دوو هەزار خاوەن ئاژەڵ و جووتیار دابین دەکرێت و چەندین دەرفەتی کاریش دەڕەخسێندرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی 4ـی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵ بڵاویکردەوە، کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەت و بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و نوێنەری ڕێکخراوی فاو (FAO)، وۆرکشۆپێکی هاوبەش بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی پاڵپشتی سامانی ئاژەڵ لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو. وتەبێژ، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم پڕۆژە ستراتیژییە بە پاڵپشتیی دارایی بانکی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی فاو جێبەجێ دەکرێت.
ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هەنگاوە بریتین لە باشترکردنی کوالێتی شیر، دروستکردنی ناوەندی کۆکردنەوەی شیر لە گوندەکان، زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی ئالیک و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ کچان و ژنانی گوندنشین.
هەروەها پڕۆژەکە کار دەکات بۆ زیادکردنی داهاتی جووتیاران و پەرەپێدانی سیستەمە پێشکەوتووەکانی ئاژەڵداری کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا بگونجێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەکاربەر بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان.