هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەبراهام حەمادە، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی 4ـی 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە نێچیرڤان بارزانی و ئەبراهام حەمادە بیروڕایان گۆڕیوەتەوە دەربارەی لێکەوتەکانی دۆخی ناوچەکە.
وتەبێژ، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پشتیوانییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا کردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، باس لە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، دۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرا.
ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی گرنگ لە هاوسەنگییەکانی ناوچەکەدا دەبینرێت و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزدا بەردەوامە.