هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە عەلی ئەلزەیدی دەکات بە بۆنەی ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان دەکاتەوە.
مەسرور بارزانی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە عەلی ئەلزەیدی کردووە بە بۆنەی دیاریکردنی وەک کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. سەرۆکی حکومەت هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەلزەیدی خواستووە لە ئەرکی پێکهێنانی کابینە نوێیەکەیدا.
لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان پشتیوان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە مەرجێک ئەو چارەسەرانە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق بن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم هیواخوازە بە دەستبەکاربوونی کابینە نوێیەکە، عێراق بچێتە سەردەمێکی پڕ لە ئاشتی و سەقامگیرییەوە، کە تێیدا مافەکانی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بن و کۆتایی بە بنبەستە سیاسییەکان بهێنرێت.