هەرێم نیوز
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە وەڵامێکی توونددا بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە سێ ڕۆژ بەسەر هەڕەشەکاندا تێپەڕی و هیچ بیرە نەوتێک نەتەقیوەتەوە، هاوکات ئامادەیی نیشان دەدات بۆ پەخشی ڕاستەوخۆی دۆخی بیرە نەوتەکان بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژی دیکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی 4ـی 2026، محەممەد باقر قالیباف لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی، کە هەڕەشەکانی ترەمپ لەسەر تەقینەوەی بیرە نەوتەکان بەهۆی پەککەوتنی هەناردە، تەنیا "ئامۆژگاریی بێمانان" کە ئیدارەی ئەمریکا لە کەسانی وەک سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی وەر دەگرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی دا، کە ئەم جۆرە تیۆرییانەی گەمارۆدان، تەنیا دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی ١٢٠ دۆلار و وتی: "وێستگەی داهاتووی نرخی نەوت ١٤٠ دۆلار دەبێت؛ کێشەکە لە تیۆردا نییە، بەڵکوو لە عەقڵیەتدایە."
ئەم وەڵامەی قالیباف دوای ئەوە دێت، کە دۆناڵد ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکان و نەمانێ توانای هەناردەکردن، بیرە نەوتەکانی ئێران لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەتەقنەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە کە ٦٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لە ناو تانکەرەکاندا لە ژێر گەمارۆدان و ناتوانرێت بفرۆشرێن، ئەوەش زیانی ٦ ملیار دۆلاری بە تاران گەیاندووە.