هەرێم نیوز
موجتەبا حسێنی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکی نوێدا بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی کەنداو، نەزمێکی نوێی "ناوچەیی و جیهانی" ڕادەگەیەنێت و جەخت دەکاتەوە کە ئامادەیی هێزە بیانییەکان لە ناوچەکەدا کۆتایی پێ هاتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی 4ـی 2026، موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا کەنداوی وەک ناسنامەیەکی شارستانی و بەخشیشێکی خودایی وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە گەرووی هورمز و دەریای عومان ڕێڕەوێکی بێهاوتای ئابووریی جیهانین. ناوبراو بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی بەرگریی وڵاتەکەی، دەرپەڕاندنی هێزە بیانییەکانی لە ڕابردوودا وەک بنەمایەک بۆ سەروەریی ئێستای تاران لێک دایەوە.
ڕێبەری نوێی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە دوای دوو مانگ لە جەنگ و لەشکرکێشیی بەرفراوان، ئەمریکا تووشی "شکستێکی شەرمەزارانە" بووە و ڕایگەیاند: "ئێران بەڕێوەبردنی نوێ بەسەر گەرووی هورمزدا دەسەپێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی دوژمنان و دابینکردنی ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە."
جەختیشی کردەوە کە دواڕۆژی کەنداو تەنیا بەبێ ئەمریکا گەشە دەسێنێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دا کە ٩٠ ملیۆن ئێرانی بە هەموو توانایەکی زانستی، ئەتۆمی و مووشەکییەوە وەک سەرمایەی نیشتمانی پارێزگاری لە سەروەریی وڵاتەکەیان دەکەن.
ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەم پەرەسەندنانە ئاماژەی دەسپێکی نەزمێکی نوێی جیهانین.