هەرێم نیوز
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکدا بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی کەنداو ڕایدەگەیەنێت، کە بەرپرسیارێتیی هەر جۆرە نائارامییەک لە کەنداودا لە ئەستۆی ئەمریکا و ئیسرائیلە، هاوکات گەمارۆ دەریاییەکان بە ئامرازێکی نوێی فشار و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوزەند دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی 4ـی 2026، مەسعوود پزیشکیان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە کەنداو مەیدانی سەپاندنی ویستە تاکلایەنە بیانییەکان نییە و ئاسایشی ئەم ناوچە ستراتیژییە تەنیا لە ڕێگەی هاوکاریی وڵاتانی کەناراوەکەیەوە دابین دەکرێت.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دوژمنانی ئێمە بە گۆڕینی ڕێکارەکانیان، ستراتیژیی گەمارۆی دەریایی و دروستکردنی ئاستەنگیان لە ڕێڕەوە بازرگانییەکاندا وەک ئامرازێکی نوێی فشار بۆ سەر حکوومەت و گەلی ئێران گرتووەتە بەر." جەختیشی کردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ گەمارۆدانی دەریایی مەحکوومە بە شکست و دژی ئاشتی و سەقامگیریی جیهانییە.
پزیشکیان کەنداو وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی نیشتمانیی ئێرانییەکان و هێمای سەروەریی وڵاتەکەی وەسف کرد.
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە، کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە گەمارۆ دەریاییەکان سەرکەوتوو بوون و توانیویانە ڕێگری لە ٤٢ کەشتی بکەن کە ویستوویانە گەمارۆکە بشکێنن، ئەمەش زیانی ٦ ملیار دۆلاری بە ئابووریی ئێران گەیاندووە.