هەرێم نیوز
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی پێشنیازی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی نوێی بە ناوی (هاوپەیمانیی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی) خستە بەردەم وڵاتانی جیهان، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و توندکردنی فشارەکان بۆ سەر تاران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی 4ـی 2026، میدیاکانی ئەمریکا وردەکاریی بروسکەیەکی دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان دزە پێکرد، کە تێیدا هاتووە ئەم هاوپەیمانییە پڕۆژەیەکی هاوبەشی وەزارەتی دەرەوە و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکایە (سێنتکۆم). ئەرکی سەرەکیی هاوپەیمانییەکە بریتییە لە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، هەماهەنگیی دیپلۆماسی و زامنکردنی جێبەجێکردنی سزاکان بەسەر ئێراندا.
ئەم جووڵە نوێیەی واشنتن لە کاتێکدایە، کە هێزی دەریایی ئەمریکا لە ١٣ـی نیسانەوە گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر گەرووی هورمز، کە ڕێڕەوێکی ستراتیژییە و نزیکەی ٢٠٪ـی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
لە بەرانبەردا، فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، ئەم هەنگاوەی ئەمریکای بە "چەتەیی دەریایی" ناوبرد و هۆشداریی دا کە تاران خەریکی تاوتوێکردنی چەندین سیناریۆی جیاوازە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند لەپێناو شکستهێنان بەو گەمارۆیە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە، کە لەسەر داوای پاکستان ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە تا کاتی کۆتاییهاتنی دانوستانەکان، بەڵام جەختی کردەوە کە گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبن و بە هیچ شێوەیەک هەڵناوەشێنەوە.