هەرێم نیوز
لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕێنماییەکی نوێی ئاراستەی سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بەرپرسانی سیاسی کرد و تێیدا داوای کۆتاییهێنان بە دیاردەی سازدانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەبەردەم مزگەوت و شوێنی پرسەکان دەکات.
سەندیکاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ماوەیەکە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، دیاردەیەکی "ناشارستانی و دەگمەن" دەبینرێت، کە تێیدا بەردەم مزگەوتەکان دەکرێنە مینبەری سیاسی و میدیایی، ئەمەش ڕێزی مردوو و کەسوکاری کۆچکردووان و ئازادیی بەشداربووانی پرسەکە پێشێل دەکات.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕێنماییەکە:
قەدەغەکردنی ململانێی سیاسی لە شوێنی عیبادەت: نابێت بەردەم مزگەوتەکان ببێتە گۆڕەپانی سیاسی و وروژاندنی بابەتە گەرمەکانی ڕۆژ.
پاراستنی پیرۆزیی پرسە: پرسە لە کلتووری کوردیدا سروتێکی پیرۆزی هەیە و نابێت بۆ بەرژەوەندیی میدیایی و سیاسی قۆرغ بکرێت.
شوێنی تایبەت بۆ میدیا: داوا لە وتەبێژ و بەرپرسانی حزبی و حکومی دەکرێت کە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانیان بۆ کات و شوێنی گونجاو و شارستانی بگوازنەوە، نەک بەردەم دەرگای مزگەوتەکان.